لە کۆیە وۆرک شۆپی ڕەنگکردن بەڕێوەچوو

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان و لە قەزای کۆیە وۆرک شۆپێک بۆ کاری نیگارکێشان و ڕەنگکردن بەڕێوەچوو، تێیدا بەشێکی زۆر لە خوێندکاران بەشدارییان تێدا کرد و تابلۆی ڕەنگاوڕەنگیان نەخشاند.

 

بە سەرپەرشتی بازنەی هەولێری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، لە ژێر ناونیشانی "وۆرک شۆپی ڕەنگکردن" زۆرێک لە خوێندکارانی قەزای کۆیە بە فڵچە و بۆیەکانیان نیگار و وێنەی جۆراوجۆریان نەخشاند.

 

وۆرك شۆپه‌كه‌ له‌ ئینستیتیوتی زەینەب خان، بێبه‌رانبه‌ر و له‌لايه‌ن دوو مامۆستاى به‌ ئه‌زموونه‌وه‌، بنه‌ما سه‌ره‌تاييه‌كانى وێنه‌كێشان و چۆنييه‌تى ڕه‌نگکردنى تابلۆ، پێشكه‌شكرا.

 

ئینستیتوتی زەینەب خان یەکێکە لە شوێنەوارە کلتووریی و دیارەکانی شاری کۆیە، بۆ ئەو مەبەستە پێشوازییەکی زۆر گەرم و چاوەڕواننەکراو لەلایەن خوێندکارانەوە بۆ چالاکییەکە کرا و ٤٥ خوێندکاری کچ دەستنیشانکران و بەشدارییان تێدا کرد.

 

لەکاتی بەڕێوەچوونی چالاکییەکەدا، بەشداربووان بە جۆش و خرۆشەوە بۆ ماوەی (٣ کاتژمێر) سەرقاڵی وێنەکێشان بوون و بەهرە هونەرییەکانیان نیشاندا.

 

لەو وۆرک شۆپەدا سەرجەم پێداویستی و کەرەستەکانی ڕەنگکردن بێبەرامبەر بۆ خوێندکاران دابینکرابوون، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی ئەم جۆرە پڕۆژە و چالاکییە جۆراوجۆرانە لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری خوێندکاران.

رێکەوت: 01/11/2026 || 02:19
هەواڵی زیاتر