کۆمەڵەی خوێندکاران زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ سکرتێری خوێندکارانی وڵاتان لە بەیروت ئەنجامدا

کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان بەشدارییان لە یازدەیەمین کۆنفرانسی خوێندکارانی فەڵەستین کرد و لە پەراوێزیدا، نوێنەری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان و سکرتێری خوێندکارانی (مالیزیا، بەریتانیا، تونس، عێراق و ئەرمەن) کۆبوونەوە و گەنگەشەی کار و چالاکییەکانی خوێندکارانیان لە وڵاتەکانیان کرد.

 

لەمیانی ئەو کۆنفرانسەدا هێور هێرش شێخانی، لێپرسراوی چالاکی و پرۆژەکانی بازنەی هەولێری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، لەگەڵ سکرتێری خوێندکارانی تونس کۆبوونەوە، لە پەراوێزی ئەو کۆنفرانەسەدا کە لە بەیروت بەڕێوەچوو، باس لە مێژوو و پێگە و کار و چالاکییەکانی هەردوولا کرا.

 

لەلایەکی دیکەوە هێور هێرش شێخانی، لێپرسراوی چالاکی و پرۆژەکانی بازنەی هەولێری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان و گۆرێن هێرگلیان، فیدراسیۆنی گەنجانی ئەرمەنی دیدارێکی مێژوویی و پڕ لە لێکتێگەیشتنیان ئەنجامدا.

 

هەر لە چوارچێوەی بەشداریکردنی یازدەیەمین کۆنفرانسی خوێندکارانی فەڵەستیندا نوێنەرەکەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان هاوشان لەگەڵ سکرتێری یەکێتیی خوێندکارانی عێراق، کۆبوونەوە و تاووتوێی دۆخی ئێستای خوێندکاران و گەنجانی کوردستان و عێراق کرا.

 

لە یەکێکی تر لەو کۆبوونەوانە دانیشتنی نێوان نوێنەری کۆمەڵەی خوێندکاران و لیگای گەنجانی کۆمۆنیستی بەریتانیا (Young Communist League of Britain)  ئەنجام درا، تیشک خرایە سەر پێگەی جەماوەری و چالاکییە بەردەوامەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە داپۆشینی پێداویستییەکانی خوێندکاران و داکۆکیکردن لە مافەکانیان، کە ئەمەش ڕێگەی خۆش کرد بۆ دروستکردنی لێکتێگەیشتن و هاوکاریی زیاتر لە نێوان هەردوو لادا.



لەمیانی ئەو کۆنفرانسەی بەیروت، هێور هێرش، لێپرسراوی چالاکی و پرۆژەکانی بازنەی هەولێری کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لەگەڵ نوێنەری گەنجانی مالیزیا لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دانیشتنێکی تێروتەسەلیان ئەنجامدا، تێیدا بە چڕی گفتوگۆ لەسەر سێکتەری پەروەردە، چۆنیەتیی گەشەپێدان و ڕێگەکان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی خوێندن کرا، لەو چوارچێوەیەدا پردێکی بەهێزی پەیوەندیی دوولایەنە دروست کرا بەمەبەستی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و هەماهەنگیی زیاتر لە داهاتوودا.

ئەو کۆبوونەوانە بە ئامانجی دروستکردنی رایەڵەی پەیوەندی خوێندکارانی کوردستان و خوێندکارانی ئەو وڵاتانە ئەنجامدران، بۆ زیاتر گەشەکردن و بە ئەکادیمیکردنی هەموو ئەو خزمەتانەی بە خوێندکار پێشکەش دەکرێن.

رێکەوت: 05/08/2026 || 10:55
هەواڵی زیاتر