پیرۆزبێت یۆبیلی زێڕینی 50 ساڵەی كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان

لە سەرەتای بەهارێکی کوردانەدا، پەنجا ساڵ بەر لە ئێستا، بزاوتێکی پڕ لە جۆشوخرۆش، بە ڕۆحیەتێکی شۆڕشگێڕانە و بە بەرگێکی زانستییانە، بەیداخی ئامانجێکی گەورەیان بەدەستەوە گرت و ناویان نا: کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان.

 

نەوە لەدوای نەوە، مەشخەڵی ئەو بیرۆکە پڕ لە بەرهەمەیان بە بەرزی هێشتەوە و خەباتی چەکداری و خوێندنیان ئاوێتەی یەکتر کرد، مەبەستیان بوو؛ شۆڕش بە زانست و خوێندەواری قاڵ بکەن، خوێندکارانیش بە جۆشوخرۆشی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری... ئەم ئامانجەشیان وەک خزمەتێکی گەورە تەماشا کردووە.

 

ئامانجی هەرە لە پێشی کۆمەڵەی خوێندکاران کوردستان، خزمەتی کۆمەڵگەیە بەگشتی، بەتایبەتییش چینی خوێندکار و مامۆستایان... هەمیشە و هەردەم لە خەیاڵدانیدا، لەو سۆنگەیەی بەردەوام زانست و پێشکەوتن خۆی نوێ دەکاتەوە، کۆمەڵگەش نوێ دەبێتەوە، یان ئامادەسازیی بۆ دەکات... بۆ ئەمەش، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە بەرەی پێشەوەی مەیدانی ئاڵنگارییەکاندایە و بۆ زیندووهێشتنەوەی پەیامەکەی؛ لێبڕاوانە کار دەکات.

 

قۆناغ بە قۆناغ، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، کاژی قۆناغەکەی فڕێ داوە و بەرگی خۆی نوێ کردووەتەوە، هەر بۆیە نەشونما و گەشەکردنی زانست بەردەوام لە هزریدا بووە... بەڵگەش؛ لە نووسینی دروشمەکانی سەر دیوار و بڵاوکردنەوەی بەیاننامەوە بۆ قۆناغی گۆشکردنی ڕۆحی خوێندنی کوردییانە تاوەکوو دەگات بە جیهانگیری و زیرەکیی دەستکرد...

 

لەدایکبوونی کۆمەڵەی خوێندکاران
لە 26ی نیسانی 1976، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، لەسەر دەستی چەند ڕۆڵەیەکی خوێنگەرم و بە پاڵپشتیی بەشێکی زۆر لە مامۆستایان و زانستخوازانی کورد دامەزرا. ئەوکات، پرۆسەی خوێندن و گەشەی زانست لە نێو تاکی کورددا، لە جوغزێکی داخراودا خۆی دەبینییەوە؛ لەژێر ستەمی بیری ڕەشی بەعسیزم و کۆتوبەندەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا لە ژیانێکی ئەستەم و پڕ لە ترس و چەوسانەوەدا بوون.

 

ڕاپەڕینە مەزنەکە و ڕۆڵی کۆمەڵەی خوێندکاران
قۆناغێکی دیکەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی بەهاری 1991 دەستی پێ کرد، کە قۆناغێکی پڕ بەها و گرنگە، چونکە لە کەشێکی ئازادانەی پڕ سەروەریدا، درێژەی بە کارەکانی دا و هەزاران خوێندکاری خوێنگەرم پەیوەندییان بەو بزاوتەوە کرد و دروشمی (خزمەت بە خوێندکارانیان) هەڵگرت... لەو نێوەندەدا، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان ئامێزی بۆ چەندین ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە کردەوە و هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساندن شانبەشانی مامۆستایانی زانکۆ و خوێندنگەکان، پەروەردە و مەعریفە بۆ ئاستێکی باڵاتر بەرز بکەنەوە، تاوەکوو بتوانن لە سەرجەم سێکتەرەکانی خوێندندا ئەو زانستە وەک میراتێکی زەنگین بە نەوەی دوای خۆیان بسپێرن، کە تاوەکوو ئێستا ئەم دەستاودەستە هەر بەردەوامە.

 

نوێبوونەوە بە فۆرمێکی جیاواز
لە ساڵی 2024 و دوای ئەوەی بۆ ماوەی دوو ساڵ سەرجەم کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان راگیرابوو، سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستانی بە فۆرمێکی جیاواز و فراوانترەوە خستەوە مەیدانی خزمەتکردن بە زانست و خوێندکاران، هەر بۆیە کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان مەبەستێتی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەم و ئاڵنگارییە قورس و ئاڵۆزەکانیشدا، ڕۆڵی گەورە بگێڕێت و خزمەت بە خوێندکاران و ڕۆڵەکانی نیشتمان بکات.

 

لە کۆتاییدا پیرۆزبایی لە خۆمان و سەرجەم خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ و پەروەردە دەکەین، بە بۆنەی یادی ((یوبیڵی زێڕینی)) نیو سەدە لە کار و چالاکییەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان.

رێکەوت: 26/04/2026 || 09:53
هەواڵی زیاتر