ئیڤێنتی داهێنەرانی ئاییندە بە سەرکەوتوویی کۆتاییهات

لە هۆتێل ڕۆتانا لە پارێزگای سلێمانی، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان بەهاوبەشی لەگەڵ هەریەکە لە زانکۆکانی جیهان- سلێمانی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، یەکێک لە گەورەترین ئیڤێنتەکانی بۆ خوێندکاران ئەنجامدا.

 

لە ئیڤێنتی داهێنەرانی ئایندە وتاری بەڕێز دکتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەلایەن پ.د.هۆشیار عەبدوڵڵا عەزیز (سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی) خوێندرایەوە، بەخێرهاتنی باڵیۆزانی عێراق و پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی زانکۆکان و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق و کوردستان و نوێنەرانی کۆمپانیاکانی کرد.

 

 لەو وتارەدا وەزیری خوێندنی باڵادا ڕۆژی بەڕێوەچوونی ئیڤێنتەکە بەڕۆژی داهێنەری ئاییندە ناوزەد دەکات، "بە ڕۆژی ئەو گەنجانەی کە ناڵێن نەخێر، بەڵکو دەڵێن چۆن دەکرێت؟" ناودەبات.

 

مایەی خۆشحاڵی بەڕێز وەزیری خوێندنی باڵایە کە زۆرێک لە زانکۆ و پەیمانگاکان بەشدارییان لە ئیڤێنتی داهێنەرانی ئاییندە کردووە، جگەلەوەش بەشدارییکردنی دوو زانکۆی گەورەی وڵاتی چین لەو ئیڤێنتەدا بە کارێکی گەورە نیشان دەدات.

 

لەو ئیڤێنتەدا بەڕێز پ.ی.د بەختیار عەبید شەریف (یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بۆ کاروباری خوێندکاران)، وتەی دەستەی ڕێکخەری ئیڤێنتی داهێنەرانی ئاییندەی خوێندەوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ئیڤێنتەکەشدا بەڕێز پ.د.ئومێد ڕەفیق فەتاح (سەرۆکی زانکۆی جیهان-سلێمانی) وتاری هاوبەشی ڕێکخەرانی ئیڤێنتەکە (زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی و زانکۆی جیهان و کۆمەڵەی خوێندکاران)ی پێشکەش کرد.

 

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە لەسەرتای ساڵی نوێدا بە ئیڤێنتیكی گرنگ و ناوەرۆک دەوڵەمەندەوە دەستپێدەکەن، تەمەننای خواست کە ساڵی نوێ ببێتە ساڵێکی بەرهەمداری زانستی، بۆ زانکۆکانی کوردستان و شاری سلێمانی.

 

د.ئومێد ڕەفیق ئاماژەی بەوەشکرد ئەم ئیڤێنتە تەنها بۆ نیشاندانی توانای خوێندکاران نییە، بەڵکو چاودێریکردنی پرۆژەکانیشیانە بۆ ئەوەی لە ئاییندەدا ببنە کاری ڕاستەقینە.

 

لە ئیڤێنتی داهێنەرانی ئاییندەدا، هەموو ئەو خوێندکارانەی ئارەزوومەندی نیشاندانی تواناکانیان بوون، بە چەندین پرۆژە و کاری داهێنانەی جیاواز بەشداربوون و تواناکانی خۆیان لە نموونەیەکی زانستیدا نیشانی ئامادەبووان دا.

رێکەوت: 08/01/2026 || 10:53
هەواڵی زیاتر