هەستیار بەختیار
پێویستە بزانین فەلسەفە
ئەو مەودابیركردنەوەیەیە كە بەگومانەوە دەكەوێتە نێوان پرسیار و وەڵامەوە، بە
مانایەکی دیکە پرسیارێك دێتە كایەوە پاشان بیر لە وەڵامێك یان چەند وەلامێك
دەكەینەوە بەو هۆیەوە فەلسەفە سەرهەڵدەدات .
فەلسەفەی چڕ و قوڵ
ئەوەیە كاتێك وەڵامی پرسیارەكەمان دۆزیەوە نەوەستین بیر لەوە بكەینەوە ئەگەر
وەڵامەكەم هەڵەبێت چی ڕاستە ئەگەر گومان لەدایك بوو ئەوكاتە بەهێزترین دەرفەتی
بیركردنەوە دەڕەخسێنیت.
لەو نێوانەدا سێ پلەی گرنگ خۆی نیشان دەدات کە بریتییە
لە (زانست، دانایی و داهێنان)، ئەم سێ پلەیە هەنگاوی ژیانمان دەبن بەوەی بەخۆمان
دەڵێین ئەگەر ئەو وەڵامەی من دامناوە هەڵەبێت و پێچەوانەكەی ڕاستبێت چی دەبێت یان
چی بكەم؟
ئێستا دێینە سەر پراكتیزەی ئەم چەند دەستەواژەیە لە ئاكار
و كرداری ڕۆژانەماندا کە ئێمەی خوێندكار ئەو زانستەی فێری دەبین پێویستە لەژیانی
ڕۆژانەماندا ڕەنگ بداتەوە، گرنگیشە هەمیشە ئەگەری پێچەوانەی ڕاست بۆخۆمان دابنێین.
لەخۆمان بپرسین ئەگەر من هەڵەبوم و پێچەوانەی كردار
یان بۆچونەكەم ڕاست بوو چی دەبێت؟ ئەوكاتەی ئەمە دەخەینە نەخشەڕێگای خوێندن و
ژیانمانەوە هەمیشە پلانی جێگرەوەمان دەبێت، هیچ كات تووشی شۆك نابین، چونكە بۆ هەر
پێشهات و هەڵەیەك ئەگەرێکمان داناوە.
ئالان دۆبۆتۆن لە كتێبیچۆن فەلسەفە هاوكارمان دەبێت لە ژیانی ڕۆژانەدا، زۆر
بەوردی ڕۆچووەتە ناو ئەم باسەوە كە دەڵێت فەلسەفە چۆن دەتوانێت هاوكارمان بێت
لەبارەی جیاوازی ڕاو بۆچونە قوڵەكان، سوکراتیش لەم بارەیەوە دەڵێت "هەموو
كۆمەڵگەیەك كۆمەڵێك بۆچوونی ڕەوان و جوانی هەیە كە دەشێت مرۆڤ بڕوای پێ بهێنێت".
هەندێك لە بۆچوونە باوەكانی ناو كۆمەڵگە وەك یاسا یان
كلتووریان لێ هاتووە كە لەبنچینەیشدا ڕاست نین، بەڵام بوون بەبنەمای كۆمەڵگە و
چەسپیون، هەربۆیە قورسە ڕاستەوخۆ دژیان بوەستینەوە، بەڵام دەشێت خۆمانیان لێ بەدووربگرین
بۆئەوەی گاریگەریی كلتوور و كۆمەڵگە لەسەر ژیان و خوێندن و بۆچوونمان دروست نەبێت،
بەتەواوی بیركردنەوەمان بەزانستیانە كار لەسەر فەلسەفەی ژیان و فێربوونمان بكەین و
ئەوەی فێری دەبین تەنها لە خانەی زانیندا نەمێنێتەوە، بەڵكو كرداری پێ بكەین
بۆئەوەی لەپلەی زانستەوە سەریبخەین بۆ پلەی دانایی، كەواتە دانا ئەو كەسەیە كە فێری
زانستێك دەبێت و كاری پێدەكات.
ئەو كاتەی خوێنكارێك فێری زانستێك دەبێت و دوای
گومانێك دەكەوێت و گریمانەی ئەوە دادەنێت ئەگەر من لە تەواوی ئەوەی فێری بووم و
كاری پێدەكەم هەڵەبم، ئەی چی ڕاستە؟
ئەو گومانە و گەڕانە بەدوای وەڵامی پرسیارەكەدا نیشانەی ئەوەیە سەرئەنجام دەبێتە
فەلسەفەیەكی ڕوون، ئەوکات بەهۆیەوە درەنگ یان زوو تەقینەوەی داهێنانێكی نوێ
سەرهەڵدەدات کە لەپلەی داناییەوە سەردەكەوێت بۆ پلەی داهێنەر.
كەواتە داهێنەر ئەوكەسەیە كە زانستێكی باش فێر بووە و
كاریشی پێكردووە، بەدوای باشتردا گەڕاوە و شتێكی داهێناوە كە پێش ئەو بیری لێ
نەكراوەتەوە .
خوێندكاری قۆناغی چوارەم
بەشی شوێنەوار- كۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان