کامێراکانی ناو یاریگایەک فێڵی خوێندکارێک ئاشکرا دەکەن

ڕاپۆرت 02/02/2025 || 01:46

کۆمەڵەی خوێندکاران-

 

منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵ بەهۆی عەشقی زۆری بۆ یانەی نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی فێڵێکی گەورە لە مامۆستاکانی دەکات و بۆ ئەوەی نەچێتەوە بۆ خوێندنگا، خۆی بە نەخۆش لە قەڵەم دەدات، بەڵام هەر زوو کامێراکان فێڵەکەی ئاشکرا دەکەن.

ئەو منداڵە ناوی (سامی سکۆت)ەو تەمەنی تەنها نۆ بەهارە، فشار دەخاتە سەر باوکی بۆ ئەوەی یاوەریی بکات بۆ بینینی یاریی نێوان نیوکاسڵ یونایتد و ئارسناڵ لە قۆناغی نیوەی کۆتایی جامی یەکێتی ئینگلتەرا، چونکە عاشقێکی سەرسەختی یانە دڵخوازەکەیەتی، بۆ ئەوەی بێبەش نەبێت لە چێژی ئەو یارییە بەهێزە، سامی ناچارە فێڵ لە مامۆستاکان و بەڕێوەبەری خوێندنگەکەی بکات.

پلانەکە بەجۆرێک دەبێت دایکی سکۆت داوایەک لە بەڕێوەبەری خوێندنگەکە دەکات کە ڕەزامەندی بفەرموێت بە پێدانی مۆڵەت بە کوڕە نۆ ساڵانەکەی، لەبەرئەوەی نەخۆشە و باری تەندروستی ناجێگیرە، کارگێڕی خوێندنگەکە داواکەی ئەو دایکە پەسەند دەکەن، چونکە نەخۆشیی هیچ جۆرە گفتوگۆیەک هەڵناگرێت.

 سامی و باوکی دەچنە لەندەن و ڕوو لە یاریگای ئیماراتس دەکەن و بە ئامانجی ئەوەی خۆشترین کاتەکانیان بەسەرببەن، بیریان دەچێتەوە پلانێکی لەو جۆرەیان داڕشتووە تاوەکو فێڵ لە بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگەیە بکەن، هەربۆیە بە کامی دڵ هانی یانەی نیوکاسڵ دەدەن و پشتگیری تەواوی ئەستێرەکانی ئەو تیمە دەکەن، بۆ ئەوەی گرەوی هێز لە یانەی ئارسناڵ ببنەوە کە بە تۆپهاوێژەکانی لەندەن ناسراون.

یانەی نیوکاسڵ یونایتد یارییەکە لە سوودی خۆیان کۆتایی پێدەهێنن و بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێوەڵام ڕکابەرییەکە لە یانە لەندەنییەکە دەبەنەوە، بەو هۆیەوە سامی و باوکی هێندەی دیکە گڕوتین دەیانگرێت و شایی و ئاهەنگگێڕان لەنێو یاریگا قەشەنگەکەی ئیماراتس ئەنجام دەدەن، بەڵام لە چانسی خۆیان زوومی کامێراکان لە چەندین ڕەهەندی جیاوازەوە وێنە و ڤیدیۆیان دەچرکێنن و لە شاشەی تیڤییەکاندا بڵاویان دەکەنەوە.

مامۆستاکانی سکۆت هاوشێوەی ئەو خوێندکارە و باوکی عاشقی تۆپی پێی ئینگلتەران و ئەوانیش لە ماڵەکانی خۆیانەوە تەماشای ئەو یارییە گەورەیە دەکەن، کاتێک دەبینن سامی بەو شێوەیە و بەو گڕوتینەوە هانی یانە دڵخوازەکەی دەدات، دەستبەجێ بەڕێوەبەری خوێندنگەکە لەو دیمەنانە ئاگادار دەکەنەوە.

بەڕێوەبەری خوێندنگەکە ئیمەیلێک بۆ باوکی سامی دەنێرێت و ئاگاداری دەکاتەوە کە ئەو رۆژە بە نەهاتوو بۆ خوێندکارەکەیان هەژمار دەکەن، چونکە فێڵی کردووە و نەخۆش نەبووە، ئەو بۆ بینینی یاریی ئەو کارە چەواشەکارییەی بەرانبەر مامۆستا و خوێندنگەکەی کردووە، جگەلەوەش ئاگاداری دەکەنەوە کە دەتوانێت سەردانی خوێندنگەی کوڕەکەی بکات تاوەکو گفتوگۆی زیاتر لەو بارەیەوە بکەن.

ڕووداوەکە بۆ دایک و باوکی سامی مایەی شەرمەزاری دەبێت، هەربۆیە باوکی ئەو چیرۆکە لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی دەوەشێنێت و بڵاویان دەکاتەوە، ئیدی لێرەوە ئەستێرەی بەختی سامی دەگەشێتەوە.

ئۆڵتراس و هەزاران هاندەرانی یانەی نیوکاسڵ کەمپینێک دەکەن و پاڵپشتی خۆیان بۆ سامی دەردەبڕن، بەجۆرێک تاوەکو دوا تنۆکی هەناسەیان لەگەڵ ئەو ڕووداوەدا دەڕۆن، هەربۆیە کارگێڕی ئەو قوتابخانەیە ناچار دەکەن سزاکەی سەر سامی سکۆت هەڵبوەشێننەوە.

ئەم چیرۆکە وانەی زۆری تێدایە بۆ خوێندکاران بەگشتی، چونکە هەمیشە کاری ڕاستگۆیی و دوور لە فروتفێڵ دەمانگەیەنێت بە ڕێگا ڕاستەکە ئەگەرچی دوور و سەختیس بێت، بەڵام هەموو ئەو هەنگاوانەی کە مەبەست و ئامانجی دیکەی لەپشتەوەیە سەردەواێک لەدوای خۆیان جێدەهێڵن و نەنگی و ناشرینیەکانیان ئاشکرا دەبێت.

هەمووان ئەو کارەیان بەلاوە سەرنجڕاکێشە کاتێک ئۆڵتراس و هاندەرانی یانەی نیوکاسڵ بەشێوەیەکی گشتی پاڵپشتی خۆیان بۆ سامی سکۆت دووپات کردووەتەوە، بەڵام ئەوەی لە هزری مامۆستاکان و بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگایەدا دەمێنێتەوە فێڵ و فەرەجەکەی سامی و ماڵباتەکەیەتی کە بەجۆرێک نیشانیانداوە کوڕەکەیان ناتەندروستە و پێویستی بە وەرگرتنی پشوو هەیە، ئیدی هەمیشە مرۆڤ لە ئاستی تەندروستی و مەرگ و ژیاندا دەوەستێت و مامۆستاکەی سکۆتیش لەو ڕوانگەیەوە خوێندنەوەی بۆ باتەکە کردووە.

لەکۆتاییدا پەندێکی کوردی وەبیردەهێنینەوە کە دەڵێت "دوور بڕۆ، بەڵام دروست وەرەوە".