دەربارە

12/1/1992 ژمارە سفری رۆژنامەی كوردستانی نوێ چاپ‌و بڵاوكراوەیەوەو بووە یەكەم رۆژنامەی رۆژانەی دوای راپەڕینەكەی خەڵكی كوردستان لەئاداری 1991 كە تائێستاش بەردەوامە لەدەرچوون، كە بۆئەوێ رۆژێ دەركردنی رۆژنامە‌ بەواتای رۆژنامەی هەواڵ و بەدواداچوونی رۆژنامەگەریی، كارێكی ئاسان نەبوو. ئەگەرچی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمێژووی سیاسی و پێشمەرگایەتی و رۆشنبیریی و رۆژنامەگەریی خۆیدا خاوەنی سەدان نەبەردی و بەرهەمی داهێنەرانەو كاری دەستپێشخەرییانەو داهێنانە، بەڵام بۆ دەركردنی رۆژنامەیەكی رۆژانە دوای پرس و رایەكی زۆرو وەدەستخستنی وەڵامی دەیان پرسیار، ئینجا بڕیاریدا كە گەڵاڵەنامەكانی سەر كاغەز بۆ كاری پراكتیكی بگوازێتەوە. هەر لەگەڵ رۆژەگەرم و بەجۆشەكانی راپەڕینی 1991دا ئەو بیرۆكەیە خرایە سەر كاغەز تابەشێوەیەكی عەمەلی ئیشی بۆ بكرێت، بۆ ئەمەش بەگوێرەی رێنمایی و دوای بروسكەیەكی هەڤاڵ مام جەلال بڕیاری جێبەجێكردنی درا، لەهەولێرو سلێمانی دەست بەكۆبوونەوە كرا. لەهەولێر دوو دانیشتنی فراوان كرا، یەكێكیان بەسەرپەرشتی كاك كۆسرەت رەسوڵ عەلی و كۆبوونەوەی دووەمیش بەسەرپەرشتی كاك ئەرسەلان بایز، لەهەردوو كۆبوونەوەكەدا كۆمەڵێك ئەدیب و نووسەرو شارەزای بواری هونەری ئامادەیبوون. لەشاری سلێمانیش بۆ هەمان مەبەست چەند دیدارێك رێكخرا. دوای ئەوەی ستافێك بۆ رۆژنامەكە دیاریكرا، رۆژی 12/1/1992 ژمارە سفری رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ خرایە ژێرچاپ و بڵاوكرایەوە كە لێی نووسرابوو (كوردستانی نوێ، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەریدەكات) و شاری هەولێر بووە بنكەی سەرەكی رۆژنامەكەو چاپخانەی رۆشنبیری دەسنیشانكرا بۆ چاپكردنی رۆژنامەكە. دەركردنی ژمارە سفر تاقیكردنەوەیەكی سەخت بوو‌، زۆربەی هەرە زۆری ستافی رۆژنامەكە رۆژیان لەچاپخانە كردەوە، دوای 14 رۆژ پشوو بۆ دابەشكردنی كاروبارەكان بەكاری ئیداریشەوە،‌ رۆژی 26/1/1992 ژمارە(1) لەڕۆژنامەی كوردستانی نوێ چاپ و بڵاوكرایەوەو وەك رۆژنامەیەكی رۆژانە بەردەوام بوو. كوردستانی نوێ یەكەمین رۆژنامەشە كە دوای مۆڵەتی دەركردنی لەوەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووەو وەزارەتیش مۆڵەتی ژمارە یەكی بە رۆژنامەكە داوە. لاپەڕەكانی رۆژنامەكە لە ژمارەسفر تاكو ژمارە 81، رەنگی رۆژنامەكە رەش و سپی و سوورە. لەژمارە 82 تا 94 رەنگی رەش و سپی و سەوز بەكارهاتووە. لەژمارە 95 تا 102 رەنگی رەش وسپی و سوور بەكارهاتۆتەوە. پاش مـاوەیەك، زیاتر كـار لەسەر رەنگی سەوزكراوە وەك سیمبولی رەنگی یەكێتیی نیشتمانیی كـوردستان كە تاكو ئێستاش بەكارهێنانی ئەو رەنگە بـەردەوامە، واتەرەنگی زاڵ، رەنگی سەوزە. بــەڵام لەبۆنە تایبەتییەكاندا لاپەڕەكانی یەكەم و دوالاپەڕە كراونەتە رەنگاوڕەنگ. ئێستا (2015) شەش لاپەڕەی كوردستانی نوێ رەنگاو رەنگە (1-3-5-12-14-16). سەرەڕای دەركردنی پاشكۆی ئەدەب و هونەر كە لاپەڕە (1-4)ی رەنگاوڕەنگە. ئۆفیسی رۆژنامەكە لەمانگی كانوونی دووەمی ساڵی 1992 تا رۆژی 31/8/1996 ئۆفیسی سەرەكی رۆژنامەكە لەشاری هەولێر بوو، لەو مێژووەوە تائەمڕۆ ئۆفیسی سەرەكیی لەشاری سلێمانییەو لەشارەكانی تریش نووسینگەی هەیە. سكرتاریەتی نووسین لەژمارە سفری رۆژی 12/1/1992 سكرتاریەتی رۆژنامەكە بەم شێوەیە لەسەر رۆژنامەكەدا نووسراوە: سەرنووسەر: ئەرسەلان بایز، سكرتێری نووسین: ئازاد جندیانی لەژمارە 116ی رۆژی 16/6/1992 ناوی فریاد رواندزی وەك بەڕێوەبەری نووسین خراوەتە سەر رۆژنامەكە. لەژمارە 164ی رۆژی 13/8/1992- ەوە ئازاد جندیانی بۆتە جێگری سەرنووسەر. دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان رەزامەندی لەسەر یاسای چاپەمەنییەكان دەربڕی، رۆژنامەی كوردستانی نوێ یەكەمین رۆژنامە بوو كە داوای مۆڵەتی رەسمی لەوەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان كـــرد، مۆڵەتی ژمارە یەكی پێدراو د.فوئاد مەعسوم بووە خاوەن ئیمتیازو ناوی لەسەر رۆژنـــامەكە دانرا، ئەمـەش لەژمارە 451ی رۆژی 2/8/1993 جێبەجێكرا. لەژمارە 543ی رۆژی 23/11/1993 فەرەیدون عەبدولقادر لەجێگای ئەر‌سەلان بایز بۆتە سەرنووسەری رۆژنامەكەو جێگری سەرنووسەرو بەڕێوەبەری نووسین وەكو خۆیان ماونەتەوە. رۆژی 23/1/1994 ناوی ئازاد جندیانی لەسەر رۆژنامەكە نەماوە. لەژمارە 596ی رۆژی 25/1/1994 ناوی فریاد رواندزی لەسەر رۆژنامەكە نەماوە. ناوەكان بەمجۆرە ماونەتەوە: خاوەنی ئیمتیاز: د.فوئاد مەعسوم، سەرنووسەر: فەرەیدون عەبدولقادر لەژمارە 1251ی رۆژی 1/4/1996 گۆڕانكاریی لەسكرتارییەتی نووسیندا بەم شێوەیە كراوە: خاوەن ئیمتیاز: د.فوئاد مەعسوم، سەرنووسەر: فریاد رواندزی، جێگری سەرنووسەر: دڵشاد عەبدوڵڵا لەژمارە 1853ی 5/5/1999 گۆڕانكاری بەم شێوەیە كراوە: خاوەنی ئیمتیاز: د. فوئاد مەعسوم، سەرنووسەر: فریاد رواندزی، جێگرانی سەرنووسەر: دڵشاد عەبدوڵڵا- ستران عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نووسین: كاوە محەمەد. لەژمارە 1886 ی رۆژی 21/6/1999 ناوی دڵشاد عەبدوڵڵا لەسەر رۆژنامەكە نەماوە. لەژمارە 2188ی رۆژی 3/7/2000 سەرنووسەری رۆژنامەكە گۆڕاوەو ستافی سكرتارییەتی نووسین بەم شێوەیە نووسراوە: خاوەن ئیمتیاز: د. فوئاد مەعسوم، سەرنووسەر: مەحمود مەلاعززەت، جێگری سەرنووسەر: ستران عەبدوڵڵا.