ئاران غەفوور
لە ئەرکێکی دیکەی
کۆمەڵەی خوێندکاراندا وێب سایتێکی خنجیلانە خۆی
دەنەخشێنێت و دەیکەینە سەکۆیەک بۆ گەیاندنی پەیامی هەموو خوێندکارانی کوردستان و
دەبینە دەنگ و ڕەنگی ئەوان تاوەکو باشتر و تەندروستتر پەیامەکانیان بگات، ئێمە
لەپاڵ هەموو پرۆژە و چالاکییەکانماندا ئەم سەکۆ میدیاییە خنجیلانەیەمان دەکەینە
دیاریی و پیرۆزی هەموو خوێندکارانی دەکەین.
ئەوەمان لای
خۆمان بڕاندووەتەوە کە لە هەموو ڕەهەندێکەوە بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەبینین و
دەزانین کە خزمەت بە خوێندکار و دۆزەکەی بکەین، هەربۆیە وێب
سایتی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان دیدگایەک دەبێت بۆ ئەوان و چەکێکی
بەهێزیش دەبێت بۆ بەرگریکردنیان، لێ هەرکات خوێندکاران دووچاری هەر ئاڵنگاری و
ئاستەنگ و ئاریشەیەک بوونەوە، بەبێ یەک و دوو ماڵپەرەکەی کۆمەڵەی خوێندکاران
دەبێتە قەڵغانی سەر سنگی خاوەن ماف و بەهەموو شێوەیەک خزمەت بە خوێندکاران دەکات.
لەم سەکۆ
میدیاییە خنجیلانەیەمانەوە کار بۆ ئەوە دەکەین هەموو کار و چالاکی و پرۆژەیەکی
خوێندکار بە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن بناسێنین و هاوکار و هەماهەنگ دەبین
لەنێوان مامۆستا و خوێندکاردا، جگەلەوەش ڕۆژانە ئەرکمان دەبێت نوێترین هەواڵ و
زانیارییەکانی تایبەت بە خوێندکار بە سەرجەم ئارەزوومەندان و سەردانیکەرانی وێب سایتەکەمان بناسێنین و ئاشنا بکەین.
ئێمە دەمانەوێت
لەم ڕێگەیەوە هاوشێوەی کار و پرۆژەکانی دیکەمان خزمەتێکی بچووک بە خوێندکار بکەین
و ئێمە دەبینە کاراکتەرێکی خێر و بەخزمەت بۆ خوێندکارە ئازیزەکانمان کە لە هەر
شوێنێکی ئەم کوردستانە وەک فێرخواز بەرجەستەی ئەرک و مافەکانی بکات.
بەگرنگی دەزانین
لەم وێب سایتەماندا تۆنی خوێندن بەشێوە زانستی و
مۆدێرنیتەکەی ئێستا نیشانی خوێندکارانمان بدەین، هەروەک لەژێر رۆشنایی ئەو پەندەی
ئەحمەد موختار جافدا هانی خوێندکار دەدەین بۆ سەرکەوتنی بەرەو پلە باڵاکانی خوێندن
کاتێک دەڵێت "بخوێنن، چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتانە.. هەموو ئان و
زەمانێک عەینی قەڵغان و سوپەرتانە".
ئەم وێب سایتە جیاواز لە هەموو وێب
سایتەکانی دیکە، هەواڵ و ڕاپۆرت و چالاکیەکانمان لەو ڕوانگەیەوە پێشکەش
دەکەین کە بچێتەوە سەر ڕێگای خوێندن و خوێندکار، بەدەرلەوە هیچ بابەتێکی دیکە لە وێب سایتەکەی ئێمەدا شوێن و جێگای نابێتەوە.
هەربۆیە ئێمە وەک
تەواوی ستافی کۆمەڵەی خوێندکاران لێبڕاوانە بڕیارمانداوە خزمەت بە خوێندکار بکەین
و ئەم وێب سایتەش دەکەین دیاریی ئەوان و پیرۆزیان
دەکەین، بە مانایەکی دیکە بۆ ئەوان دەبێت و ئەوەی خوێندکار ئارەزووی دەکات و
مەبەستیەتی لێوەی دەستیان دەکەوێت.
وێب
سایتەکەمان هاوشان
لەگەڵ هەموو کار و چالاکییەکانی خوێندکاراندا دەجەنگێت و خوێندکارانیش دەتوانن
هەموو گڕوتینی خۆیانی تێدا ببینەوە، ئەوان ڕێگەیان هەیە بۆ ئەوەی لەم وێب سایتەدا بیرۆکەکانی خۆیان نمایش بکەن و بڵاوی
بکەنەوە، دەتوانن بیروڕا و تێچێن و هەموو تێڕوانینەکانی خۆیان لەشێوەی وتار و
نووسیندا لەم وێب سایتەی کۆمەڵەی خوێندکارانی
کوردستاندا بوەشێنن.
جگە لە خوێندکار
لەم سەکۆ میدیاییە نوێیەدا مامۆستایانیش دەتوانن ئەزموونی کاری خوێندن و ژیانە
پیشەگەرییەکەیان بە خوێندکاران ئاشنا بکەن و هاوبەشی پێبکەن، بۆ ئەوەی بتوانن
سوودی گەورە بە هەموو ئەو خوێندکارانە بگەیەنن کە خولیا و حەزی زۆریان بۆ پێشكەوتن
و دەوڵەمەندکردنی گەنجینەی زانیارییەکانیان هەیە.
لەکۆتاییدا
دەمەوێت بە خوێندکاران بڵێم ڕۆژانە سەردانی وێب
سایتەکەمان بکەن و چەندین بابەتی جیاوازی تایبەت بە ئەرکەکانی ئەوان لە
شێوەی نووسین و وێنە و ڤیدیۆ بڵاودەکەینەوە و هاوکاریان دەبین لە هەموو ئەو
ئەرکانەی لەسەر شانیانە، جگەلەوەش خزمەتکردن و وەک قەڵا لە پشت وەستانیان
ئەولەویەتی و کار و پیشەکەمان دەبێت.