پرۆژەی دیدی پەروەردە بۆ خوێندکاران دەستی پێکرد

وێنەکان 02/02/2025 || 03:59

کۆمەڵەی خوێندکاران-

 لەدرێژەی کارو چالاکییەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان بەمەبەستی خزمەت و گەشەکردنی کەرتی پەروەردە، پرۆژەی دیدی پەروەردە یەکەمین شەقاوی بە ئەرێنی هەڵهێنا.

پرۆژەی دیدی پەروەردە (EduVision)یەکەمین ئیڤێنتی لە هۆڵی ڕۆتانا ئەنجامداو تێیدا بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی قۆناغی ئامادەیی بەشدارییان تێداکرد، ئەوان بیروڕا و بۆچوونی زۆریان لەنێوان خۆیاندا گۆڕییەوە و لە کەشێکی زانستیدا دیدی پەروەردەیان دەوڵەمەندتر کرد.

دیدی پەروەردە (EduVision)لە پێنج زنجیرەی یەک لەدوای یەک پێکدێت و یەکەم زنجیرەی بەسەرکەوتوویی جێبەجێکرا، بەشێک خوێندنگە حکومی و ناحکومییەکان بەبێ جیاوازی ڕەگەز، ئایین، سیاسی و نەتەوەیی بەشدارییان تێداکرد.

ئامانج لەم پرۆژەیە گفتوگۆی چڕ و بابەتییانەیە لەلایەن خوێندکارانەوە تایبەت بە کێشەکانی سێکتەری پەروەردە، ئەوەش بە ئامانجی چارەسەرکردن و هەنگاونان بۆ گەشەکردنی ئەو بەشە گەورەیەی کۆمەڵگە.

لە(EduVision)دا خوێندکارانی ئامادەیی دەتوانن پرۆژەکانیان بخەنەڕوو، گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و هەر لەو مێزگردەدا بەڵێنی پشتیوانی و دەستگیرۆیکردنیان پێدەدرێت.

لەلایەکی دیکەوە و لەڕێگەی پرۆژەی دیدی پەروەردە(EduVision)ەوە، پردێکی پەیوەندی لەنێوان خوێندکاران و خوێندنگە حوکمی و ناحکومییەکاندا دروستدەکرێت، بۆ ئەوەی خوێندکار لە هەموو لایەکەوە چەقی بڕیارەکان و کارە پەروەردەییەکان بێت.

لە یەکەم زنجیرەدا ٢٥ خوێندکار و ٢١ مامۆستا لە ١٩ ئامادەیی جیاوازەوە، بەشدارییان لە دیدی پەروەردە کرد و تێیدا ئامادەییەکانی پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی بەسەر کارنەوە، وابڕیاریشە لەدوای ئەم زنجیرەیە سەرجەم ئامادەییەکانی دیکەش بانگھێشتبکرێن.