خوێندکارێکی زانکۆی سلێمانی بە یەکێک لە باشترینەکانی کۆنفرانسی پەیوەندیی جیهانی دەستنیشان کرا

هەواڵ 27/01/2025 || 02:27

کۆمەڵەی خوێندکاران-

 

دونیا غەفار، خوێندکاری زانکۆی سلێمانی لە کۆلێژی زانستە ژینگەییەکان بەشداری لە کۆنفرانسی پەیوەندی جیهانیی کرد کە بە بەشداری نوێنەرانی ٤٠ وڵات بۆ ماوەی سێ رۆژ لە تونس بەرێوەچوو.

دونیا غەفار کە بۆ جاری سێیەمە بانگهێشتی ئەو کۆنفرانسە دەکرێت باس لەوە دەکات کۆنفرانسی پەیوەندی جیهانیی هاوشێوەی راهێنانی دیپلۆماتکارانەیە و گرنگی بە دیپلۆماتکاران دەدات لە بەرێوەچوونی کۆنفرانسی دیپلۆماسی و بەرنامە مرۆییەکان.

دونیا غەفار کە بە یەکێک لە ١٠ باشترین قسەکەرانی نێو کۆنفرانسەکە دەستنیشانکراوە دەڵێت بەشداریکردن لەو کۆنفرانسانەدا کە کار لەسەر پرسی سیاسی و ئەکادیمی و زۆر پرسی دیکە دەکەن، بۆ وڵاتان و بۆ کوردیش بایەخی زۆری هەیە بە تایبەتی لە دروستکردنی پەیوەندی و پیشاندانی توانا و لێهاتوویی گەنجان و لە هەمان کاتدا دەرفەتێکیشە تا کولتووری نەتەوەکەیان بە جیهان بناسێنن.

دونیا غەفار کە دامەزرێنەری رێکخراوی فینیکسە و کار لەسەر پێگە و هێنانە پێشەوەی گەنج دەکات لە کۆمەڵگەدا لەئێستادا لە رێگەی پەیوەندییەکانیەوە دەیەوێت ئەو کۆنفرانسە بهێنێتە کوردستان و گەنجانی کورد لێی سودمەند بن.