دوو خوێندکار لە ڕەهەندی ئابوورییەوە خوێندنەوە بۆ دۆخێ نوێی سوریا دەکەن

هەواڵ 25/01/2025 || 02:48

کۆمەڵەی خوێندکاران-

لەڕووی ئابوورییەوە لەپاش جەنگی ناوخۆی سوریا کە ماوەی 13 ساڵ لەنێوان هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد بەردەوام بوو، دواجار لە مانگی 12ی ساڵی 2024 بە سەرکەوتنی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کۆتایی هات، ئەم سەرکەوتنەش شایەتی زۆر گۆڕانکاری گەورە دەبێت لەڕووی ئابووری، سەربازیی، سیاسیی و کۆمەڵایەتییەوە لە ناوچەکەدا ، کە نەک تەنیا لەسەر سوریا بەڵکو لەسەر وڵاتانی هاوسنووری ئەو وڵاتە رەنگدانەوەی دەبێت.

لەماوەی جەنگی ناوخۆی سوریا قەیرانی مرۆیی گەورە لەو وڵاتە دروستبوو، بەو هۆیەشەوە ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتی سوری بۆ پاراستنی گیانیان وەکو پەنابەر ڕوویان لە وڵاتانی تر کرد، 280 هەزار پەنابەر ڕوویان لە عێراق کرد و لەو ژمارەیەش 122 هەزاریان لەو کاتەوە لە هەرێمی کوردستان دەژین کە لەپاش جێگیربوونیان لە کارگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیان بە کارکردن کرد، بە هۆی کەمی تێچووی دەستی کاریشەوە خاوەن کارگەکان زیاتر کاریان بە کرێکاری سوری دەدا وەک لە کرێکاری ناوخۆیی، ئەمەش لە هەندێک ناوچەی عێراق و هەرێمی کوردستان رێژەی بێکاری زیاد کردبوو بۆ خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە. بەڵام دوای ئەو گۆڕانکارییە سیاسییەی لە سوریا ڕوویدا، گەڕانەوەی پەنابەرە سورییەکان بۆ وڵاتەکەیان خاوەن کارگەکان ناچار دەکات پشت بە دەستی کاری ناوخۆیی ببەستن جا بە هەر کرێیەکی کارکردن بێت.

لە لایەکی دیکەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و سوریا دەچێتەوە دۆخی پێش ئاڵۆزییەکانی سوریا کە عێراق بەرووبوومی کشتوکاڵی و کاڵای پیشەسازی و خۆراکی هەناردەی ئەو وڵاتە دەکرد، ئەمە جگە لەوەی عێراق سوریای وەک دەروازەیەک دەبینی بۆ ناردنی نەوت بۆ دەریای ناوەڕاست بەڵام لەگەڵ دروستبوونی جەنگی ناوخۆی سوریا بە تەواوی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عێراق و سوریا ڕاگیرا کە کاریگەری ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆی لەسەر بازاڕ هەبوو، چونکە حکومەتی عێراق و کۆمپانیا بازرگانییەکان پەنایان بردە بەر رێگای جێگرەوە کە تێچوونیان زیاتر بوو، ئەو کاڵایانەی لە وڵاتانی دیکە دەهاتنە عێراقەوە نرخیان بەرز بوو بۆیە لە ناوخۆی عێراقیش بە نرخێکی زیاتر دەفرۆشرا، ئەمەش بارگرانی لەسەر هاوڵاتیان دروست کردبوو، بۆیە لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی سوریا پسپۆڕان داوای دووبارە دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەکەن لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا تا نرخی کاڵا و تێچووی گواستنەوەش کەم بێتەوە.

لەلایەکی ترەوە لە ئەنجامی جەنگ چەند دەروازەیەک دروستبوون لەنێوان عێراق و سوریا لەوانە فیشخاپور کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دانپێدانراوە و کاڵای سەرەتایی و هاوکاری مرۆیی بۆ ڕۆژئاوای سوریا لێدەگوازرێتەوە بەڵام لەگەڵ ئاسایبوونەوەی باردۆخی سوریا ئەگەری هەیە ئەم دەروازەیەش وەک دەروازەکانی دیکەی عێراق ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێوە بکرێت و ببێتە یەکێک لە سەرچاوەکانی داهات بۆ هەرێمی کوردستان. دەتوانین بڵێین ئەم کاریگەرییە ئابووریانە ڕاستەوخۆ ڕوونادات چونکە بە ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە ئاساییبوونەوەی باردۆخی سوریا و دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەکە و پێکهێنانی حکومەت، بەڵام ئەم ڕووداوە سیاسییەی ئەم دواییە کاریگەریەکی ڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری عێراق دروستکرد کە ئەویش بەرزبوونەوەی بەهای لیرەی سوری بوو بە هۆی ئەوەی دراوەکە لەڕووی نەقدییەوە لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان کەم بوو.

لیرەی سوری بەر لە ساڵانی جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە تا ڕادەیەک بەهاکەی جێگیر بوو بەڵام لەگەڵ دروستبوونی ئاڵۆزییەکان بەهاکەی دابەزی بە رادەیەک نرخی یەك دۆلاری ئەمریکی یەکسان بوو بە 46.98 لیرەی سوری، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2014 بەهای یەك دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 181.43 لیرەی سوری، لە ساڵی 2020 بەهۆی یاساکانی قەیسەر کە بەسەر بانکی ناوەندی سوریادا سەپێندرا بەهای یەک دۆلاری ئەمریکی یەکسان بوو بە 1015 لیرەی سوری بەڵام لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگی ناوخۆی سوریا بەهای لیرەی سوری لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرزبووەوە چونکە لیرەی سوری بەشێوەی نەقدی کەم بوو، بەڵام خەڵکی وا مەزەندەیان دەکرد کە بەهای لیرەی سوری بەردەوام بەرز دەبێتەوە بۆیە ڕوویان لە کڕینی لیرەی سوری کرد تا لەکاتی زیاتر بەرزبوونەوەی بەهاکەی بیفرۆشنەوە و قازانج بکەن، بەڵام بەرزبوونەوەی بەهای لیرەی سوری هیچ بنەمایەکی زانستی و لۆژیکی نیە و لە ئەگەری زیادبوونی لیرەی سوری لە ڕووی نەقدی ئەوا بەهاکەی دادەبەزێت وە هەروەها بەهای لیرەی سوری لە وڵاتانی دیکەی وەک قەتەر و لوبنان بەرز نەبووەتەوە و هەر بەهایەکی نزمی هەیە بۆیە ئەگەری زۆرە لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش کە بەهاکەی دابەزێت بەمەش هاوڵاتیان زەرەرمەند دەبن.