لە ساڵنامەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ٢٤ی کانوونی دووەمی هەموو ساڵێک وەک ڕۆژی جیهانیی پەروەردە جێگیر کراوە، لەم بۆنەیەدا کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان وێڕای پیرۆزبایی لێکردنتان، بەڵێنی ئەوە بە هەموو پەروەردەخواز و پەروەردەکارێک دەدات کە پاڵپشت و پشتگیرتان بێت، هاوشانتان دەبین بۆ پێشخستنی ئەم سێکتەرە گەورە و گرنگەی مرۆڤایەتی.
ئێمە وەکو کۆمەڵەی خوێندکاران لەم یادەدا پرۆژەیەک لەژێر ناونیشانی (دیدی پەروەردە) بۆ خوێندکار و پەروەردەخوازانمان دەکەینە دیاری، پرۆژەی دیدی پەروەردە (EduVision) لە هەناوی کاروچالاکییەکانی کۆمەڵەی خوێندکارانەوە لەدایکبووە و خزمەت بەو سێکتەرە دەکات، پێتان ڕادەگەیەنین لەماوەیەکی کەمدا وردەکارییەکەی بۆ ئێوە بڵاودەکەینەوە.
کاردەکەین و تێدەکۆشین تاوەکو وزەبەخش بین بۆ بزوێنەری هەموو ڕەهەندە گەورە و جیاوازەکانی پەروەردە، چونکە باش لەوە تێدەگەین پتەوکردنی بناغەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکەمان لەڕووی زانستی و مەعریفییەوە بەندە بە سێکتەری پەروەردەوە.
کۆمەڵەی خوێندکارانیش لەڕوانگەی زانستەوە مەبەستیەتی کەرتی پەروەردە هاوشێوەی کەشتییەکەی نەجمەدینی مەلا بێت، کە خوێندنگەیەکی بەو ناوەوە کردەوە و تێیدا ژیانی زیاتر لە حەوت هەزار خوێندکاری لەو خوێندنگەیەدا ڕۆشن کردەوە و لە قەهری نەخوێندەواری قوتاری کردن.
ئێمەش هەوڵ دەدەین و کار بۆ ئەوە دەکەین کەرتی پەروەردە هاوتەریب لەگەڵ ئەو کەشتییەدا بەردەوام بێت، لە کەناری ئارامی پڕ زانست و زانیاریدا لەنگەر بگرێت.
جارێکی دیکە پیرۆزباییتان لێ دەکەین و وتەیەکی ماندێلای مەزنیش بیردەهێنینەوە کە دەڵێت "پەروەردە بەهێزترین چەکە بۆ گۆڕینی جیهان".