سێ خوێندکاری زانکۆی قەیوان زیرەکی دەستکرد بۆ پاراستنی ژینگە بەکاردەهێنن

هەواڵ 22/01/2025 || 03:09

سێ خوێندکاری کورد لە رێگەی زیرەکی دەستکردەوە کار بۆ پاراستنی دارستان وچاودێریکردنی دیاردەی بەبیابانبوون دەکەن

تیمێکی خوێندکارانی بەشی ئەندازیاری بایۆمێدیکاڵی زانکۆی نێودەوڵەتی قەیوان، بە داهێنانی سیستمێکی پێشکەوتوو بۆ پاراستنی دارستانەکان، پلەی دووەمیان لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە پێشبڕکێی ساڵانەی کۆمپانیای هواوی بەدەستهێنا.

خوێندکاران کەژێ ئامانج، ئەلەند محمد و زانیار دانا، سیستەمێکی زیرەکیان داهێناوە کە پشت بە هەستەوەری زیرەک، وێنەی مانگە دەستکردەکان و کامێرای تایبەت دەبەستێت بۆ دەستنیشانکردنی دوکەڵ و گەرمی. سیستەمەکە وزەی با و ئاوی باران بەکاردەهێنێت بۆ کارکردن و کوژاندنەوەی ئاگر.

تیمەکە لە نێوان ٢٥٠ تیمی بەشداربووی ناوچەکە هەڵبژێردرا و وەک تاکە نوێنەری عێراق لە نێو ١٧ تیمی عێراقی، گەیشتە قۆناغی کۆتایی پێشبڕکێکە لە وڵاتی سعودیە.