سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی و کۆمەڵەی خوێندکاران کردنەوەی چەند کڵەبێک ڕادەگەیەنن

هەواڵ 19/01/2025 || 03:20

‏‎سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی و کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان بەهاوبەشی چەند کڵەبێک لە سوودی خوێندکارانی زانکۆ دەکەنەوە، بە ئامانجی دۆزینەوەی هەلی کار و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی بۆ خوێندکار دروست دەبن، ئەمە لەکاتێکدایە ئەم کڵەبانە هیچ ڕێگرییەک یان کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر وانە و تاقیکردنەوەکانی خوێندکاران دروست ناکەن.

 

‏‎یەکێکی دیکە لە سوودەکانی ئەم کڵەبانەی سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی و کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان بەڕێوەی دەبەن، دۆزینەوەی توانا و لێهاتووییەکانی ئەو خوێندکارانەیە کە لە ژیانی رۆژانەیاندا درکیان پێ نەکردووە یان دەرفەتی ئەوەیان نەبووە تاوەکو تواناکانیان لەسەر مەیدانی ڕاستەقینە بەرجەستە بکەن.

 

‏‎داڕشتنەوە و دیزاینی کڵەبەکان بەجۆرێکە خوێندکار دەبێتە چەقی بابەتەکە و هەموو سوود و گەشەسەندنەکان لەبەرژەوەندی خوێندکاراندا دەبێت، ئەو هەماهەنگییەی لەنێوان سەرۆکایەتی زانکۆ و کۆمەڵەی خوێندکارانیشدایە بە تەنها یەک ئامانج و مەبەستی هەیە، ئەویش خزمەتکردنی خوێندکارە لەو ڕەهەندەوە.

 

‏‎خوێندکارانی ئازیز ئاگاداردەکەینەوە کە دەتوانن لەڕێگەی ئەو تیمانەی کۆمەڵەی خوێندکاران دروستی کردوون و لەڕێگەی نوێنەری کۆلێج و بەشەکانەوە زانیاری تەواو لەسەر کڵەبەکان وەربگرن، کە وابڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا فۆڕمێکی ئەلیکترۆنی ڕابگەیەنین و لەو ڕێگەیەوە خوێندکاران دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بکەن، بەمەبەستی بەشداربوون لە هەموو چالاکییەکانی نێو ئەم کڵەبانەدا.

 

‏‎لەسەرەتای کارەکانماندا کڵەبەکان خۆیان لە چەند بەشێکی گرنگ دەبیننەوە کە پێکدێن لە:
‏‎١_تەندروستی و هۆشیارکردنەوە
‏‎٢_ژینگە و پاکوخاوێنی
‏‎٣_کاری خۆبەخشی
‏‎٤_شەترەنج
‏‎٥_وەرزش
‏‎٦_هونەر
‏‎٧_دیبەیت
‏‎٨_زمان