زانکۆی قەرەوین کۆنترین زانکۆی جیهانە

هەواڵ 18/01/2025 || 03:52

کۆنترین زانکۆ لە جیهاندا بۆ یەکەمجار و لە ساڵی 859ی زایین لە شاری فاس لە مەغریب دەکرێتەوە و ناوی دەنێن زانکۆی قەرەوین، تائێستاش ئەو زانکۆیە دەرگاکەی بەڕووی خوێندکارانی مەغریب و سەرجەم وڵاتانی عەرەبی و جیهانیدا ئاواڵایە.
یەکێک لە گەورەترین و پڕبایەخترین ناوەندەکانی خوێندن لە مێژووی مرۆڤایەتیدا زانکۆیە، هەربۆیە پێویستە هەموو خوێندکارێک کاتێک قۆناغی 12 کۆتایی پێدەهێنێت و ڕوودەکاتە قۆناغێکی دیکەی خوێندن، پێویستە بە وردی لە مێژووی ئەو ناوەندەدا شارەزا ببێت کە ساڵانی داهاتووی خوێندنی تێدا بەرجەستە دەکات.
لە ئێستادا زانکۆمان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی خوێندکارەکانی دوای قۆناغی 12 ئاشنا ببن بە مێژووەکەی و سەرەقەڵەمێک دەربارەی ئەو ناوەندە گەورەیەی جیهان زانیارییان هەبێت.
ئەوەی جێگای شانازی زانکۆی قەرەوینە، لە مێژووی خۆیدا سێ خوێندکاری هەبووە کە بڕوانامەی دەرچوونیان تێدا وەرگرتووە کە یەکێکن لە زانا گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، ئەوانیش هەریەکە لە ئیبن خەلدون، ئیبن رەشید و ئیبن حەزمی ئەندەلوسییە.
جگەلەوەی چەندین زانای گەورە لەجیهاندا وەک خوێندکار بوونەتە سیمبولی هۆڵەکانی خوێندن لە زانکۆی قەرەویندا، بەڵام تائێستاش سەرچاوەیەکی گەورەیە بۆ پێگەیاندنی خوێندکار و ساڵانە چەندین فێرخواز بڕوانامەکانی وەک بەکالۆریۆس، ماجستێر و دکتۆرای تێدا وەردەگرن، جگەلەوەش ساڵانە چەندین توێژینەوەی زانستی لە بوارە جیاجیاکاندا بڵاودەکاتەوە.

زانکۆی قەرەوین لەسەر دەستی فاتیمەی کچی محەمەد فەهری قوڕەیشی دامەزراوە و لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆەوە وەک کۆنترین زانکۆی جیهان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ناوزەدی کردووە، هەربۆیە ناویشی لەنێو پەڕە دێرینەکانی کتێبیی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەکاندایە، جگەلەوە تاکە زانکۆیە لە جیهاندا بۆ یەکەمجار بڕوانامەی لە پزیشكی گشتیدا بە خوێندکار بەخشی بێت.
پێویستە بە وشەی زانکۆ ئاشنا ببین و زانیاریمان هەبێت لەسەر ڕەگ و چاوگەکەی، بۆ یەکەمجار ئەو وشەیە لەلایەن زانکۆی بۆلۆنیا لە ئیتاڵیا بەکارهاتووە، کاتێک یەکەم زانکۆی لە کیشوەری ئەوروپا دەکرێتەوە ئەو زاراوەیە بەکاردەهێنن، مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1088ی زایینی.
وشەی زانکۆ لە (ونڤه‌رستاس ماگسترۆروم ئەت سجهۆلاروم)ی لاتینییەوە وەرگیراوە و بە مانای کۆمەڵگەی مامۆستایان یان زاناکان دێت.
کوردستانیش بە دەر نییە لە بوونی زانکۆی گەورە و پێشکەوتوودا لەو لیستەی خوارەوەدا مێژووی زانکۆکاکانی کوردستان پۆلێن دەکەین.
زانکۆی سلێمانی (1968)
زانکۆی سلێمانی یەکێکە لە گەورەترین و کۆنترین زانکۆکانی کوردستان و عێراق و چەندین خوێندکار و کادری زانستخوازی پێگەیاندووە، مێژووی دروستبوونی ئەم زانکۆیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1968، بەڵام لەساڵی 1981 ڕژێمی بەعسی هەڵوەشاوە بەبڕیارێک ئەم زانکۆی ڕادەگرێت و بۆ زانکۆی هەولێر دەیانگوازێتەوە، تاوەکو ساڵی 1992 واتە ساڵێک پاش ڕاپەڕینە مەزنەکە لە زانکۆی دایک لە سلێمانی دەست بە خوێندن و کار و چالاکییەکان دەکرێتەوە.
زانکۆی سەڵاحەدین (1968)
زانکۆی سەڵاحەدینیش یەکێکی دیکەیە لە زانکۆ پێشکەوتووەکانی عێراق و کوردستان، دوای ئەوەی زانکۆی سلێمانی دەگوێزرێتەوە بۆ شاری هەولێر، ناوی زانکۆی سەڵاحەدین دەکەن بە بەرگیدا و دوای ڕاپەڕین دەبێتە زانکۆیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان و زانکۆی سلێمانیش دەگەڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی.
زانکۆی دهۆک (1992)
زانکۆی دهۆکیش یەکێکی دیکەیە لە زانکۆ گەورە و چالاکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بۆ یەکەمجار لە 31ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1993 بە دوو کۆلێج و 149 خوێندکارەوە دەرگا بەڕووی خوێندکارانی هەرێمی کورستاندا دەکاتەوە، بەڵام ئەمڕۆ 14 کۆلێجی هەیە و هەزاران خوێندکاری ئاستبەرزی پێگەیاندووە.
زانکۆی کۆیە (2003)
زانکۆی کۆیە بۆ یەکەمجار لە 11ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2003 لەسەردەستی سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق مام جەلال بەردی بناغەی دانراوە، بووەتە یەکەم زانکۆی دەرەوەی پارێزگاکان و چوارەم زانکۆی هەرێمی کوردستان.
زانکۆی زاخۆ (2010)
بۆ یەکەمجار و لە ساڵی 2010 وەک زانکۆیەکی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان دامەزراوە، بەڵام پێشتر لە ساڵی 2005 دامەزراوە کە ئەوکات لقێک بووە لە زانکۆی دهۆک.
زانکۆی پزیشكی هەولێر (2005)
زانکۆی سۆران (2009)
زانکۆی ڕاپەڕین (2010)
زانکۆی هەڵەبجە (2010)
زانکۆی گەرمیان (2010)
زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی (1996)
زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر (1996)
زانکۆی پۆلیتەکنیکی دهۆک (2012)
زانکۆی چەرمۆ (2014)