کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە کەلار سیمینارێکی گەورەی لە چوارچێوەی دیدی پەروەردە بۆ خوێندکارانی پۆلی 12 ئەنجام دا، بۆ ئەو مەبەستە ژمارەیەکی بەرچاو لە خوێندکار بەشدارییان تێدا کرد.
ڕۆژی 31/8/2025 بازنەی گەرمیانی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە شاری کەلار ئیڤێنتی دیدی پەروەردەی لەژێر ناونیشانی (هەنگاوەکانی سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانج)ی بۆ خوێندکارانی پۆلی 12ی ئەو دەڤەرە ساز و ئامادەکرد.
لەو ئیڤێنتەدا دوو مامۆستا و خوێندکارێکی بە ئەزموون بەشدارییان کرد و خوێندکارانیش بە پەرۆشەوە لەنێو هۆڵەکەدا گوێبیستی ئەزموون و سەرنجەکانی ئەو مامۆستایانە بوون، لە کۆتایی ئیڤێنتەکەشدا خەڵاتی کۆمەڵەی خوێندکارانیان وەرگرت.
یەکێک لەو مامۆستایانە (د.کەریم ئەحمەد عەزیز)ەو پسپۆڕی ڕێگاکانی وانەوتنەوەیە، لەژێر ناونیشانی "چۆن خۆم ئامادەبکەم بۆ تاقیکردنەوەکان؟" وتە و ئامۆژگاری بە نرخی بۆ خوێندکارانی بەشداربوو کردە دیاریی سیمینارەکە.
لەلایەکی دیکەوە (مامۆستا ئامانج محەمەد نەجم) کە ڕاهێنەری پەروەردەییە بەشێک لە سیمینارەکەی لە ئەستۆگرت و لەژێر ناونیشانی (چۆن کۆشش بکەم؟)، خاڵە بەهێزەکانی بۆ خوێندکارانی پۆلی 12 دەستنیشان کرد.
کۆتا قسەکەی نێو ئیڤێنتی دیدی پەروەردە، (بیلال عەبدوڵڵا محەمەد) بوو، ناوبراو شارەزای پۆلی دوازدەیە و ناونیشانی (چۆن بەردەوامبم؟)ی هەڵبژارد، بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە هانی خوێندکاران بدات بەردەوام بن تاوەکو لەم قۆناغە هەستیارەی خوێندندا کاری گەورە بکەن و ئامانجی دڵخوازی خۆیان بپێکن.
جگە لەو مامۆستایانەی خەڵاتیان وەرگرت، سێ خوێندکاری بازنەی گەرمیانیش بەهۆی ئاستە بەرزەکەیان و بەدەستهێنانی کۆنمرەی بەرز لەتاقیکردنەوەکانی پۆلی 12، خەڵاتی ڕێزلێنانی کۆمەڵەی خوێندکارانیان وەرگرت کە پێکدێن لە:
1-ڕۆژین فوئاد مەجید (یەکەمی وێژەیی لەسەر ئاستی گەرمیان).
2-سۆزی فەرەیدون حەمید (دووەمی زانستی لەسەر ئاستی گەرمیان).
3-دییە کاروان میرزا (چوارەمی زانستی لەسەر ئاستی گەرمیان).
لە کۆتایی ئیڤێنتەکەدا کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان بەڵێنی بە خوێندکارانی گەرمیان دا، لە داهاتوودا خزمەتی زیاتریان پێشکەش بکات.